عەلییەکان دوور دەخرێنەوە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
وەزارەتی بەرگری عێراق فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک و دیالەی لە کارەکانیان دوورخستەوە، بەگوێرەی سەرچاوەیەک بۆ 964+.
عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک و عەلی فازڵ هی دیالە بوو.
سەرچاوەیەک لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک بۆ 964+ی ساغکردەوە، کە فەرماندەکەیان بە تەلەفۆن پێیوتراوە، کۆتایی بە ئەرکەکەی هێندراوە.
ئەو سەرچاوەیە وتی تاوەکو سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، نوسراوی فەرمی لە وەزارەتەوە نەگەیشتووە بە مەبەستی دوورخستنەوەی عەلی فرێجی، بەڵام لە ئەمڕۆوە جێگرەکەی لەجیاتیدا کارەکان رایی دەکات.
964+ دەزانێت، هەمان ئەو دوورخستنەوەیە بەسەر عەلی فازڵیش هاتووە لە دیالە.
ماوەیەکە لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیەوێت ئەو دوو فەرماندەیە بانگهێشتی دانیشتنەکانیان بکەن و لێیان بپرسنەوە.
لە ناوچەکانی کەرکوک و دیالە هێشتا جموجوڵی چەکداری نەناسراو هەیە، کە هەندێک جار خۆیان وەکو رێکخراوی داعش دەناسێنن، رۆژی ١٧ی ئەم مانگە، لە چیمەنی کەرکوک، چوار سەربازی عێراقی بە کوژراوی لە بنکەیەکی خۆیاندا دۆزرانەوە.