250 داری سەبەحبەح لە سلێمانی شکاون

964+

دیلان محەمەد جەزا

بەھۆی ئەو شەپۆلی رەشەبا و بارانەی دوێنێ پێنجشەممە رووی لە شاری سلێمانی کرد تا ئێستا زیاتر لە 250 دار شکاونەتەوە.

سەرجەم ئەو دارانەی شکاونەتەوە داری سەبەحبەح بوون، ھیچ دارێکی دیکە زیانی پێنەگەیشتووە.

لە رابردوودا رێژەیەکی زۆر داری سەبەحبەح لە شاری سلێمانیدا روێندراون، بەھۆی ئەوەی دارێکە زوو گەشە دەکات و گەورە دەبێت.

کێشەی سەرەکی ئەو دارە ئەوەیە زۆر ناسکە و بە رەشەبایەک رێژەیەکی زۆریان لێدەشکێتەوە، ساڵانە بەھۆی رەشەباوە رێژەیەکی زۆر داری سەبەحبەح دەشکێنەوە، توشی نەخۆشی دەبن.

بەھرۆز سالار بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە تۆڕی 964 راگەیاند، لە ماوەی رابردوودا سەرجەم دارە سەبەحبەحەکانی شەقامی پارکی ئازادیان لابردووە، بەھۆی نەخۆشییەوە.

لە جێگەی ھەر دارێکی شکاوە دارێکی دیکە دەڕوێنن، بەڵام بڕیار نیە سەبەحبەحەکان سەرجەمی لاببرێن.

داری سەبەحبەح دارێکی دۆستی ژینگەیە و نیشتمانی سەرەکی ئەم دارە باکوری هیند و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیایە، تەمەنی لە نێوان 150 بۆ 200 ساڵە، لە هەموو جۆرە خاکێک سەوز دەبێت، رەگەکەشی بە سێ مەتر بڵاو دەبێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی