بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەیەتی

بەرهەمی گەنمی دوو گوندی سنووری دوزخورماتوو سووتا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەرهەمی گەنمی جوتیارانی دوو گوندی نێوان هەردوو قەزای داقوق و دوزخورماتوو ئاگری تێبەر دەبێت و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی کوژاندنەوەین.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18.5.2023، ئاگر لەناو بەرهەمی گەنمی جوتیارانی هەردوو گوندی حەسەن شالال و عەبدوڵا رەشید کەوتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانیش لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنیدان.

سەید سەعد قڵخانی، موختاری گوندی سەید عەباسی کاکەیی بە 964ی وت، دوای کاتژمێر 2ـی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارانی نێوان هەردوو گوندی حەسەن شەلال و عەبدوڵا رەشید کەوتەوە.

گوندی سەید عەباسی کاکەییەکان، هاوتخوبی هەردوو گوندی حەسەن شەلال و عەبدوڵا رەشیدە لە سنووری قەزای داقوق و دوزخورماتوو.

سەید سەعد دەشڵێت: بەهۆی ئاگرەکەوە دەغڵ و دانێکی زۆری جوتیاران سووتاوە کە بەرهەمی ئەمساڵیانە.

زیاتر وتیشی “بەرهەمی زیاتر لە 300 گوندی ناوچەکە مەترسی سووتانیان لەسەرە بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئاسایشی نیشتیمانییەوە رێگەمان پێنادەن دروینەی بکەین و ناهێڵن دەڕاسە بێتە ناو گوندەکانمان ئەگەر نووسراوی کشتوکاڵمان نەبێت”.

قەەیس عەبدولرەزاق، بەرێوەبەری بنکەی ئاگرکوژێنەوەی داقوق و وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بە 964ـی وت تیمەکانمان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و هێشتا ئاشکرا نەبووە هۆکاری ئاگرەکە چییە و زیانەکانیشی چین.

پێداچوونەوەڵ فەرمان سادق