لەسەر سکاڵای ژمارەیەک هاوڵاتییە
سێ بەرپرسی سەیدسادق بانگھێشتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکرێن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بەهۆی سکاڵای ژمارەیەک هاوڵاتی سەیدسادق لەسەر دیارنەمانی تۆماری خانووەکانیان، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سێ بەرپرسی قەزاکە بانگهێشت دەکات.
بەرپرسەکان قایمقام، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوبەری تاپۆی سەیدسادقن.
کۆتایی مانگی ئازاری 1988 رژێمی بەعس، سەیدسادقی خاپوور کرد و تەواوی خانووەکانی رووخاند. سکاڵای ئەو ھاوڵاتیانەش ھەر لەم مێژووەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بۆچی تۆماری خانووەکانیان دیارنەماوە.
ئەنوەر تاھیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ی وت، “لەگەڵ ئەو بەرپرسانە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 21.5.2023 لە لیژنەی شارەوانی لەو بابەتە دەکۆڵینەوە”.
دەشڵێت، بەشێک لە بەڵگەنامە و تۆماری خانووەکان لە کاتی راگواستن و خاپوورکردنی سەیدسادق سوتاون.
بەشێک لە زەوی خانووە خاپوورکراوەکان ئێستا کراون بە پڕۆژەی بازرگانی و خاوەنەکانیان داوای دەکەنەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد