له‌ بری گۆڵكردن دوو یاریزان به‌ كارتی سوور ده‌ركران

+964
یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی بەختیاری لەسەر یاریگەی خۆی بەرامبەربە کفری یەکسان بوو، بەمەش دوو خاڵی گرنگی لەدەست دا.

یارییه‌كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ گەڕی دووەمی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، لە کۆمەڵەی یەکەمدا له‌ یاریگەی فەرماندەیی بەڕێوەچوو.

نیوەی یەکەم یاریزانانی هەردوو یانە ئاستیان لە یەکەوە نزیک بوو، هێرشەکان لەسەر گۆڵی یەکتر مەترسیان دروست دەکرد، لە خولەکی 29 ناوبژیوان بە کارتی سوور دانیار حەمزەی لە یانەی بەختیاری کردە دەرەوە، ئەمەش وای کرد کە گێمی یه‌كه‌م هیچ کامیان نەتوانن گۆڵ تۆماربکەن.

گێمی دووەم لە سەرەتاوە یاریزانانی بەختیاری باشتر بوون و هەوڵەکانیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ چڕکردەوە، لە خولەکی 64 بەهۆی توندوتیژییەوە ناوبژیوان موخلیس تاڵیبی لە یانەی کفری کردە دەرەوە، هەرچەندە هەوڵی زۆردرا بۆ گۆرینی ئەنجامەکە بەڵام سوودیان لێ وەرنەگیرا، لە کاتی زیادکراوی یارییەکەش سەرمەد حەسەن لە یانەی کفری کارتی سووری پێدراو و دواجاریش یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتایی هات.

بەم یەکسانبوونە یانەی بەختیاری بە کۆی چوار خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە، یانەی کفریش بە هەمان کۆی خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندیدایە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا