منداڵێکی چوار ساڵی کورد شەش مانگ بە تەنیا لە روسیا ژیاوە

964+
مەجید بتوێنی

لە گرتووخانەیەکی هەرێمی داغستانی روسیا لە دایک و باوکیان جیاکردووەتەوە.

مینای تەمەن چوار ساڵ، زمانی کوردی بیرچووەتەوە و بە روسی وانە دەخوێنێت.

شەش مانگ و شەش رۆژ لەمەوبەر، دایک و باوکی دەستی مینا دەگرن و لە رێگەی ئێرانەوە ویستوویانە بگەن بە ئەڵمانیا، لەو کەینوبەینەدا رێیان کەوتووەتە روسیا، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون.

مامی مینا دەبێتە فریادڕەسی، دوای هەوڵێکی زۆر مینا لە روسیاوە دەگەڕێنێتەوە زێدی خۆی بۆ رانیە.

مینا دوای گەڕانەوەی تووشی شۆک بووە و تێکەڵ بە کەس نابێت و دەرگا لەسەر خۆی دادەخات، دیارنییە کەی دایک و باوکی رزگاریان دەبێت و جارێکی تر لە باوەشی دەگرنەوە.

کۆچی نایاسایی لە کوردستان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامی هەیە. سەرۆکی رێکخراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “قاچاغچیەکان دنیایەکی بەهەشتی دەخەنە بەردەم هاوڵاتیان، گوایە بە ئاسانی پێی دەگەن”.

بەپێی ئامارێکی رێخکراوەکە، ساڵی رابردوو 28 هەزار هاوڵاتی هەرێم کۆچی نایاساییان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، کە حەوت هەزار و 800 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.