دەزگای مین بۆ به‌شدارى كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تى له‌ جنێفه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

شاندێکی دەزگای كاروبارى مین لە هه‌رێمی كوردستان له‌ وڵاتی سویسران، به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ كۆنفڕانسێكی نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى، ده‌زگاى مینیش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، كۆنفڕانسه‌كه‌ له‌ باره‌گاى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى ده‌زگاى مین، شانده‌كه‌ى ده‌زگاكه‌یان بۆ ئه‌و كۆنفڕانسه‌ بریتین له‌ عه‌لی عه‌بدولره‌حمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین هەولێر و جه‌لال جه‌عفه‌ر بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مینى گەرمیان.

ئه‌و كۆنفڕانسه‌ى شانده‌كه‌ به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، بریتیه‌ لە کۆنفرانسی جیهانی کۆمەڵەی شارەزایانی حکومی GGE پسپۆر لەبارەی سیستمی چەکە کوشندە خودکارەکان LAWS وەك بەشێك لە کۆنفرانسی چەکە تەقلیدییە دیاریکراوەکان CCW.

به‌پێی ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌، کۆنفرانسەکە لە باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری جنێفى وڵاتی سویسرا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ماوەی پێنج رۆژیش ده‌خایه‌نێت.

عه‌لى عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى كاروبارى مینى هه‌ولێر كه‌ به‌شدارى ئه‌و كۆنفڕانسه‌یه‌، به‌ 964ـى راگه‌یاند “کۆنفرانسەکە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لە بارەی سیستەمی چەکە کوشندە خودکارەکان كه‌ به‌ “چەکی ئوتۆماتیکی” ناسراوه‌ و زانیاری گرنگی تێدا باس دەکرێت”.

وتیشی “جارێ له‌ وڵاتى ئێمه‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى زۆر ماوه‌، بۆیه‌ ده‌كرێ ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌و كۆنفڕانسه‌ وه‌ریده‌گرین، بۆ داهاتوو سوودى لێوه‌ربگرین، كاتێك كه‌ مین و ته‌قه‌مه‌نى له‌ وڵاته‌كه‌مان نامێنێت”.