چاوەڕێدەکرێت پەسندکردنی بودجە بەهای دۆلار دابەزێنێت

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ ئەوەی کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دانەبەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، وەستانی ماستەرکاردیشی هاتەسەر. وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر دەڵێت، هەموو خەڵک چاوەڕێی پەسندکردنی بودجە دەکەن بۆ دابەزینی بەهای دۆلار.

ئەمڕۆ سێشەممە 16.5.2023، لە بازاڕی دروای هەولێر بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی 146,750 دینارە، ئەو نرخە لە سلێمانی 100 بۆ 250 دینار گرانترە و لە بەغداش تاوەکو 500 دینار هەرزانترە.

بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندی ماوەی دوو هەفتەیە کارکردن بە ماستەرکارد وەستاوە و هاوڵاتیان ناتوانن هیچ مامەڵەیەکی دارایی ناتوانن بە ماستەرکارد ئەنجامبدەن.

کۆمپانیای ماستەرکار لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتی بانکی ناوەندی عێراقی، هەموو مامەڵەیەکی دارایی لەناویاندا حەواڵەی دراو بەتایبەت دۆلار، بەشێوەیەکی کاتی وەستاوە.

ماوەی دوو هەفتەیە لە سەرتاسەری عێراق کارکردن بە ماستەرکارد وەستاوە و دیاریش نییە کەی دەکرێتەوە.

کەیفی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر بە 964ـی وت، هەموو خەڵک چاوی لەوەیە بودجە پەسند بکرێت، بە پەسندکردنی کاریگەری دەبێت لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی.