بۆ منداڵ قەدەغەكرا

ئەو شیرینیەی وەك جگەرە دروستكرابوو قەدەغەكرا  

964+
رێژوان مامە- سلێمانی
لەناو بازاڕی سلێمانی جۆرە شیرینیەك لەسەر شێوەی جگەرە دروستكراوە قەدەغەكرا و ئەمرۆش دەست بەسەر10 كارتۆن لەو جۆرەدا گیرا.

شیرینیەكە لەسەر شێوەی جگەرە و پاكەتی جگەرە دروستكراوە، بەبیانوی ئەوەی دەرونی منداڵ خراپ دەكات و  جۆری شیرینیەكەش كوالیتی خراپە.

بڕی شیرینیەکە 10 کارتۆن بووە و لە کۆگایەکدا دەستی بەسەردا گیراوە.

ئیدریس ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، فرۆشتنی ئەو جۆرە شیرینیە پەروەردەی منداڵ تێکدەدات چونکە لەسەر شێوەی جگەرە دروستکراوە و منداڵان هاندەدات بۆ جگەرەکێشان.

دەشڵێت، لە رووی تەندروستیشەوە خراپە چونکە بە قاچاخ دێت و نازاندرێت لە چی دروستکراوە.

ئەندامەکەی لیژنەی باڵای قایمقامیەتی سلێمانی باسی لەوەشکرد، لیژنەکانیان بەدواداچوون دەکەن و لە هەر مارکێت و کۆگایەکی تردا ئەو شیرینیە ببینن راستەوخۆ دەستی بەسەردا دەگرن و خاوەنەکەی رووبەڕووی یاسا دەکەنەوە.

پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد