باسی بازرگانیكردن بە مرۆڤیش كراوە

هەرێمی كوردستان و یۆنان هەماهەنگی دەكەن لە سەر گیراوە كوردەكان

+964
كوردستان ئەحمەد

ئەمڕۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و  پارێزگاری ئاژانسی پەنابەران لە وەزارەتی كۆچ و پەنابەرانی یۆنان كۆبوونەوە و باس لە پرسی بازرگانیكردن بە مرۆڤ و كۆچی نایاسایی كرا.

ماریۆس کالیاس، پارێزگاری ئاژانسی پەنابەران لە وەزارەتى کۆچ و پەنابەرانى یۆنان، ئەمڕۆ دووشەممە 15.5.2023 لەگەڵ سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و قسەیان لەسەر چەند پرسێكی جیاواز كردووە.

هۆکارەکانی کۆچ و چۆنیەتى نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بە هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکانى وەزارەتى ناوخۆ، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان بوو.

بە پێی زانیارییەكانی تۆڕی 964 لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەوە، باس لەوە كراوە دەبێت هەماهەنگی زیاتر لە نێوان حكومەتی هەرێمی كرودستان و یۆناندا هەبێت بۆ ئەو كێشانەی رووبەڕووی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبنەوە لە یۆنان، بە تایبەتی ئەوانەی گیریان خواردووە و دەستگیركراون.

كۆبوونەوەكە یەك كاتژمێری خایاند، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدار بووە و بە زووترین كات بەرهەمی دەبێت.