ستاف و پێداویستی پزیشکی نییە
شەش ساڵە کراوەتەوە هیچ منداڵێک تێیدا لەدایک نەبووە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دوای شەش ساڵ لە تەواوبوونی بینای بنکەی منداڵبوونی رۆڤیا بەهۆی نەبوونی ستافی پزیشکییەوە تا ئێستا هیچ منداڵێک تێیدا لەدایک نەبووە.
بنکەکە بە دیاریکراوی لە 1.7.2017 بە فەرمی کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی دابین نەکردنی پێویستییە پزیشکییەکان و ستاف و کارمەندی پزیشکی، دوای بڕینی شریتی کردنەوەکەی، تا ئەمڕۆ دەرگایەکەی بە داخراوی ماوەتەوە.
محەمەد فاخیر، دانیشتووی ناحیەی رۆڤیایە بە 964ـی وت، حەڵەت هەبووە ژن لەسەر منداڵ بوون بووە بەڵام بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێل و نەگەیشتن بە قەزای ئاکرێ، کێشەی تەندروستی بۆ دروستبووە.
دەشڵێت: پێویستە بە زووترین کات پێویستییە پزیشکییەکان و ستافی بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی چیتر پێویستمان بە ئاکرێ نەبێت.
ناحیەی رۆڤیا، لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای بەردەڕەشە و ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 30 هەزار کەس دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە قەزای بەردەڕەش تەنیا بنکەی لەدایکبوون هەیە و نەخۆشی زۆری لەسەرە، ناچارن نەخۆشخانەکانیان رەوانەی ئاکرێ بکەن کە نەخۆشخانەی لەدایکبوونی تێدایە.
ناحیەی روڤیا، 21.7 کیلۆمەتر لە ناوەندی قەزای ئاکرێ دوورە کە بە ئۆتۆمبێل 22 خولەک دەخایەنێت.
خدر ساڵح، بەڕێوبەری تەندروستی بەردەڕەش بە 964ی وت، لەبەر ئەوەی پزیشكی پسپۆڕی ژنان و كەرەستەی پێویستمان نییە ناتوانین بیكەینەوە.
دەشڵێت: لەوە تێدەگەین کە زۆر پێویستە بنکەکە بکرێتەوە، بۆ ئەمەش لەسەرەتای دەستبەکاربوونم لە 15.1.2023 سەردانی وەزیری تەندروستیم کردووە و باسی ئەو بنکەیەم لەگەڵدا کردووە، بە نووسراوی فەرمیش داوامان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد