هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە

عێراق ترلیۆنێک دینار بۆ گەشەپێدان تەرخان دەکات

964+

فەرمان سادق

بۆ باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و بەردەوامیدان بە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، حکومەتی عێراق بودجەیەکی یەک ترلیۆن دیناری تەرخان دەکات.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بە ئامادەبوونی محەمەد نەجار، راوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر تەرخانکردنی ترلیۆنێک دینار کرا بۆ سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان بە مەبەستی پێشخستن و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان و بەردەوامیدان بە گەشەپیدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دامەزراندنی سندوقی عێراق بۆ گەشەپیدان کراوە و بۆ ئەمەش بڕیار لەسەر تەرخانکردنی ترلیۆنێک دینار بۆ سندوقەکە کراوە.

پڕۆژەکانی سەرجەم سێکتەرەکان لەو سندوقەوە پشتگیری دەکرێن، ئامانجیش لەو هەوڵە فرە رەنگکردنی داهاتی ناوخۆ و بەشداری پێکردنی کەرتی تایبەتە لە هەوڵەکانی دووبارە نۆژەنکردنەوەی عێراق.

خەلیل غازی دۆسکی، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، ئەو هاندانە بۆ ژینگەی وەبەرهێنان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.