"ئەوانەی DDTیان تێدایە مەترسیدارن"

هۆشداری لە بەکارهێنانی دەرمانە قڕکەرەکان دەدرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

مادە قڕکەرەکان، کە بۆ لەناوبردنی مێرووە زیانبەخشەکانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێندرێن مەترسیدارن و پسپۆڕێکی پاراستنی خۆراک دەڵێت، پێویستە دواهەنگاو ئەو مادانە بەکاربهێندرێن.

لەگەڵ چاندن و بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵیدا، هەریەکەیان چەندان جۆر نەخۆشیان هەیە و جوتیارانیش بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان راستەوخۆ هانا بۆ مادە قڕکەرەکان دەبەن.

ئەو مادە قڕکەرانە کە راستەوخۆ بە بەرهەمە رووەکییەکان دەکرێن، هەیانە چەندان ساڵ لەناو خۆراکەکە و پاشان لەناو جەستەی مرۆڤدا دەمێننەوە بەتایبەت ئەو قڕکەرانەی مادەی DDTیان تێدایە. ئەمە وتەی ناسکە عومەر، پسپۆڕی تەندروستی خۆراکە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی دوکان بۆ 964.

DDT لە کۆمەڵە ئاوێتەکانی هایدرۆکاربۆناتی کلۆرایدە. لە کاربۆن و هایدرۆجین و ئۆکسجین و کلۆر پێکدێت. هۆی خۆڕاگرتنی لە ژینگەدا بۆ ئەو کارلێکە دەگەڕێتەوە کە لەنێوان تەنەکانیدا هەیە و وزەیەکی زۆر پیویستە بۆ شکاندنی ئەو کارلێکە.

ئەو مادەیە لەناو چەوری لەشدا دەمێنێتەوە و لەگەڵ زیادبوونی رێژەکەیدا کەسەکە تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەکات.

ئەو پسپۆڕەی تەندروستی خۆراک دەشڵێت، ئێستا کە وەرزی گەنم و جۆیە مێرو و سن زۆرە و مادەی قڕکەریان بۆ بەکاردێت و ئەوەش زیانی تەندروستی گەورەی لەسەر مرۆڤ و رووەک و خاک هەیە.

ناسکە عومەر پێی وایە، بەکارهێنانی ئەو گەنمانەی زووتر پێدەگەن، کێڵان و پەینی باش، زووتر چاندن و زووتر دروێنەکردن رێگەچارەی باشترن لە مادە قڕکەرەکان.