لە شێخان هەوڵ بۆ بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی ئایینی دەدرێت

  964+

عەمار عەزیز – دهۆک

ئەمرۆ 13.5.2023 لە قەزای شێخان فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەهێزکردنی پێکە وەژیانی ئایینی لە نێوان پێکهاتە ئاینیەکانی ئەو قەزایە ئەنجامدرا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

شێخان بەوە ناسراوە کەوا عێراقێکی بچووکە، چونکە پێکهاتەی کورد، عەرەب، کریستیان، ئێزیدی و شەبەک پێکەوە دەژین، ئامانج لە رێکخستنی فێستیڤاڵەکەش   زیاتر پەرەپێدانە بە کلتوری پێکەوە ژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی.

حەسەن فەتاح، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی رۆشەنبیری و هونەری دهۆک بە964ی وت، فێستیڤاڵەکە لە ژێر چاودێری پارێزگاری دهۆک و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی رۆشەنبیری وهونەر و لەگەڵ ئیدارەی قەزای شێخان رێکخراوە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حکومەت و نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکان دوو پانێڵ پێشکەش کران، یەکەمیان بە ناو نیشانی شێخان و پێکەوەژیان و مێژوو، پانێڵی دووەم بەناوی شێخان و گەشەپێدانی سیاسەتی ئابووری.

سبەنێ بەهەمان شێوە ژمارەیەک چالاکی تر لە بواری فۆلکلۆر وهونەری ناوچەکە نمایش دەکرێت، هەموو پێکهاتەکان بێ جیاوازی بەشداریانکردووە لە چالاکییەکانی  فێستیڤاڵەکە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا گرنگییەکی تری فێستیڤاڵەکەیە، حەسەن فەتاح وای وت،

لەبارەی ئامانجی سەرەکی ئەنجامدانی فێستیڤاڵەکە، حەسەن فەتاح وتی، “شێخان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانی ئاینی و کۆمەڵایەتییە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوێت ئەو پێکەوە ژیانە زیاتر پەرە پێبدەین تاوەکو نەوەکانی ئەو قەزایەش بەهەمان شێوە لەسەر ئەو پێکەوەژیانە بەردەوام بن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی