وتەبێژی وەزارەتی دارایی: موچە دوا ناکەوێت
964+
فەهمی نەبی
وتەبێژی وەزارەتی دارایی رایگەیاند، راستە کورتهێنان لە پارەی بەردەست هەیە بۆ دابینکردنی موچەی مانگی نیسان، بەڵام دابەشکردنی موچە بە پێی ئەو لیستە دەبێت کە راگەیەنراوە.
ئەمڕۆ شەممە هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی بە 964ی وت “ئێستا 600 ملیار بەردەستە بۆ موچە، سێشەممەی هەفتەی رابردوو بڕیاری ناردنی 400 ملیاری دیکەش دراوە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەو بڕەش دەگات، بەم جۆرە دابەشکردنی موچە هیچ کێشەیەکی تێناکەوێت”.
بە وتەی هونەر جەمال، دابەشکردنی موچە بە پێی ئەو لیستە دەبێت، کە وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاندووە، ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە، کە دەوترێت دابەشکردنی موچە کێشەی تێکەوتووە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە موچەی وەزارەتی تەندروستی دابەش بکرێت.
لە 25ی ئادارەوە بە هۆی وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا، کێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروست بووە.