بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ: دۆخەکە جێی مەترسی نییە
964+
دێسکی کوردی
مەسعود نووری بەڕێوەبەری ناحیەی گوێڕ بە 964ی وت، دۆخی ناحیەکەی جێی مەترسی نییە و هێزەکانی پێشمەرگە کۆنترۆڵی سنورەکەیان کردووە.
وتیشی، ژمارەی چەکدارەکانی داعش 10 کەس بوون، دوێنێ شەشیان کوژراون لە ئۆپراسیۆنی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە لە گوندی کەپران لە سنوری ناحیەی گوێڕ رووبەڕووی چوار چەکداری داعش بوونەتەوە و گەمارۆیان داون.
ناحیەی گوێڕ دەکەوێتە سنوری قەزای مەخمور لە پارێزگای هەولێر.
وریا زیارەتی فەرماندەی لیوای 21ی هێزەکانی پێشمەرگە بە 964ی وت، شەڕەکەی بەردەوامە و چەکدارەکانی داعش تەنیا چوار کەسن، دەوریان گیراوە و “ناهێڵین رزگاریان ببێت”.
ئەو فەرماندەیە وتی، ئێستا خۆی و هێزەکەی لەناو شەڕەکەدان.
لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە رووبەڕووبوونەوە هەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ پێنجشەممە، ئەو چەکدارانە شوانێکی ناوچەکەیان دەستگیرکردووە، ترساندوویانە و دواتر ئازادیان کردووە.
سەرچاوەیەک لە خەڵکی گوندی کەپران بە 964ی وت، “ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە تەقە لە چەکدارەکانی داعش دەکەن و دووریان دەخەنەوە”.
سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی هەولێر بە 964ی وت، ئەو رووبەڕووبوونەوەیە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی هێزەکانی پێشمەرگەیە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی.