لە ئامێدی پێداچوونە بە موڵکەکانی ئەوقاف دەکرێن
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ئەوقافی دهۆک پێداچوونەوە بە بەکرێدانی موڵکەکانی دەکات و بەڕێوەبەری ئەوقافیش دەڵێت، رەنگە نرخەکەی کەم بکەینەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی دهۆک لە قەزای ئامێدی 16 دوکانی هەیە کە ساڵانە بە کرێیان دەدات.
بۆ ئەمساڵ کرێی ساڵانەی نەک مانگانەی، بۆ هەر دوکانێک لەنێوان 250 هەزار بۆ 600 هەزار دینارە کە بەپێی رووبەرەکەی و شوێنەکەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
لە 2014 کرێی هەر دوکانێک ساڵانە 150 هەزار دینار بوو، بەڵام بە قسەی خاوەن دوکانێک لە 2017 و 2018 کرێیەکەی کراوە بە یەک ملیۆن دینار، ئەو دەڵێت، لەو کاتەوە پارەی کرێی نەداوە.
جەمال خەلیل سەعدوڵلا، یەکێکە لەو کرێچیانەی ئەوقافی دهۆک کە زیاتر لە 15ساڵە لە دوکانێکدایە کە درێژییەکەی 12 مەتر و پانییەکەی 4 مەترە، ئەو دەکاندارە قسەی بۆ 964ی کردووە و دەڵێت: پێشتر کرێی ساڵانەی 150 هەزار دینار بووە، بەڵام لە 2017 و 2018 بێ ئاگاداری من کرێیەکە کراوە بە یەک ملیۆن دینار و رۆژێک سەردانی ئەوقافم کردووە پێیانوتم کە من پێنج ملیۆن دینار کرێی دوکان قەرزارم.
زیاتر وتیشی “لەو کاتەوە کرێم نەداوە، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەوقافی دهۆکیش دانیشتووم و داوام لێکردووە چارەسەری ئەو کێشەیە بکات، ئەویش بەڵێنی داوە.
هەکار عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری ئەوقافی ئامێدی بە 964ی وت”لە 2015 کرێی دوکانەکان کەمێک زیادکرا دواتر لە 2018 جارێکی تر کەم کرایەوە، ئێستا کریێ ساڵانە بەمشێوەیە کەمترینیان 250 هەزار و زورترینیان 600 هەزار دینارە”.
دەشڵێت: بۆ 2024 جارێکی تر خەملاندن بۆ دوکانەکان دەکرێن و لەوانەیە کرێیەکان کەمتر بکرێن.
زیاتر وتیشی “نارەزایەتی ئەو دوکاندارانە لە کرێیەکە نییە بەڵکو لە نەدانی پارەیە کە لەسەریان کەڵەکە بووە”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق