سەردانی بەرگری شارستانی راپەرین بۆ بەنزینخانەکان - وێنە: 964
لە ئیدارەی راپەڕین
ئەوە نەما بەنزینخانەکان بە ئارەزووی خۆیان غازی LPG بفرۆشن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
هەموو ئەو بەنزینخانانەی لە ئیدارەی راپەڕین غازی LPG دەفرۆشن ئاگادارکراونەتەوە رێنماییەکان جێبەجێ بکەن، بە پێچەوانەوە بەرگری شارستانی سزایان دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە 9.5.2023 بەرگری شارستانیی راپەڕین لیژنەی لە سەرجەم ناحیە و گوندەکان پێکهێناوە و هەر بەنزینخانەیەک غازی LPG بۆ فرۆشتن دانابێت بانگ دەکرێت و رێنمایی پێدەدرێت.
لیژنەکە ئەمڕۆ یەکەم سەردانی لە ناحیەی چوارقوڕنە دەستپێکردووە و دەرکەوتووە تانکی غازەکان زۆر نزیکی عەدادی تێکردنن، هەروەها کوالێتی ئەو مادانەی تانکی و کەرەستەکانی تریان پێدروست کراوە نزمن و بەشێکی زۆریشیان زۆر لە ناو ماڵاندان.
عەلی قادر، وتەبیژی بەرگری شارستانیی راپەڕی بە 964ی راگەیاند، سەرەتا سەردانیان دەکەین و بانگهێشتیان دەکەین بۆ ئەوەی رێنماییان بدەینێ، ئەگەر رێنماییەکانیان جێبەجێ نەکرد، دەست بە سزادان و داخستنیان دەکرێت.
بە هۆی ئەوەی هەر بەنزینخانە و بە ئارەزووی خۆی تانکی غازی داناوە و دەیفرۆشێت ئامارمان لا نییە چەند بەنزینخانەن و لەم سەردانانەدا سەرژمێریان دەکەین. عەلی قادر وای وت.