پەنجا كەسیش گوێم لێبگرێت بەسە
دەشنێ موراد دەڵێت خوات لەگەڵ بێت
+964
کوردستان ئەحمەد
هونەرمەند دەشنێ موڕاد لەگەڵ ئەفشین شوكری دوێتێك بە زمانی كوردی لە بارەی خۆشەویستیيەوە بڵاودەكاتەوە.
تێكستی شیعرەكە لە لایەن ئەفشین شوكریەوە نووسراوە و دەرهێنانی كلیپی گۆرانیەكەش لە لایەن هونەرمەد ناسر حەیدەرەوە دەکرێت.
هونەرمەند دەشنێ موراد لە بارەی گۆرانییەكەیەوە بۆ تۆڕی 964 دەڵێت، لە ناو سروشتی شاخ و گوڵ و گیای كوردستان بەشێك لە كلیپەكە دەكرێت، بەشێكی دیكەشی لە ناو شاری هەولێر لەسەر شەقامی 150 مەتری تۆمار دەكرێت.
دەشنێ چیرۆكی گۆرانییەكە و چۆنیەتی كلیپكردنی بۆ 964 باس دەكات و دەڵێت، گۆرانییەکە بە ناوی “خوات لەگەڵ بێت”ە، هەموو هاوڕێیەكان بە خۆبەخش و بە شێوەیەكی ئازادانە كارەكە دەكەن، هەر كەسێك لە ئاستی توانای خۆیەوە شتێكی ئامادەكردووە، بۆ ئەوەی لە گۆرانییەكەدا بەشداربێت و كار لەسەر ئەوە كراوە وەك تیمێكی خێزانی كارەكە بكەین.
دەشنێ دەڵێت، خودا منی خۆش دەوێت، ئەو ماوەیەی رابردووش كە تووشی گرفت بووم و بەرهەمم نەبوو، مانای ئەوە نەبووە كاری هونەرییم نەبووە، من هونەرمەندم و كار لەسەر ئەوە دەكەم هونەرێكی جوان پێشكەشی هەوادارانم بكەم، ئەگەریش تەنیا پەنجا كەس گوێ لە گۆرانییەكە بگرن بۆ من بەسە.
وتیشی، بەم نزیكانە لە تەواوی سۆشیاڵ میدیای كوردستان بڵاودەبێتەوە.
دەشنێ موراد لەدایکبووی 1.1.1986، پێشکەشکار، گۆرانیبێژ، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و ژینگەدۆستە.
لە ساڵی 1997 لەگەڵ خێزانەكەیدا چوونەتە هۆڵەندا، لە تەمەنی 16ساڵییەوە چووەتە گرووپی سەما. لە تەمەنی 19 ساڵییەوە بووەتە پێشكەشكار و لە تەمەنی 22 ساڵیشدا دەستی بە كاری هونەری و لە گەڵ چەند دەوڵەتێكیش كاری هونەری كردووە.