دیمەنێک لە ناو بازاڕی دهۆک- وێنە: 964+
بازاڕی دهۆک بەهۆی سیستمی پریپەیدەوە پارەی کەمتریان بۆ هاتووەتەوە
+964
هیڤی دێوالی – دهۆک
سیستمی پریپەیدی کارەبا لە هەندێک ناوچەی پارێزگای دهۆک ماوەی شەش مانگە دانراوە و کاری پێدەکرێت.
964 دەزانێت، لە ناو بازاڕی دهۆکدا نزیکەی چوار هەزار و 615 دوکان و پرۆژەی نیشتەجێبوونی ئەڤرۆ ستی چوار هەزار و 370 هاوبەش بەشداری سیستمی پریپەیدن.
دلێر دۆسکی، دوکاندارێکی ناوبازاڕی دهۆکە و بە 964ی وت، سیستمی پریپەید زۆر باشترە، چونکە پێش ئەو سیستمە مانگانە 300 هەزار دینار کارەبایان بۆ دەهاتەوە و ئێستا مانگانە بایی 70 هەزار دینار کارتەکەیان پڕدەکەنەوە و بۆ دوکاندارەکان زۆر باشترە.
حازم ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری کارەبای دهۆک بە 964ی راگەیاند، ئەو سیستمە زۆر پێشکەوتووە و وەک تێست لە دهۆک لە ناو بازاڕ و پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون دانراوە و لەو شوێنانە هەندێک کێشەی بچووکی هەبووە بەڵام تا دەبێتە گشتی و هەموو پارێزگاکە بۆی دادەنرێت چارەسەر دەبێت.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوا کۆبوونەوەیدا بڕیاریدا جارێکی دیکە سیستمی پریپەیدی کارەبا دەستپێبکاتەوە و لە پلانیدایە بۆ هەموو ماڵان سیستمەکە دابنرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی