زیاتر لە نیو سەدەیە کاری هەلاجی دەکات

+964
مەریەم ئەحمەد

كەنعان ئەحمەد، دانیشتووی گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێرە، زیاتر لە 50 ساڵە كاری هەلاجی دەكات كە ئەم پیشەی لە ساڵی 1900ـەوە لە باب و باپیرانەوە بۆ ماوەتەوە.

كەنعان دوكانێكی گەورەی هەیە تایبەت بە پیشەی هەلاجی، كە یەکێکە لە پیشە کۆنەکان، بریتییە لە شیکردنەوەی لۆکە یان خوری، پیشەی هەلاجی جاران بە دەست دەکرا، بەڵام ئێستا لە رێگای ئامێری تایبەتەوە دەکرێت بۆ ئەوەی لێفە، دۆشەک، بالیف و کۆمەڵێك کەلوپەلی دیکەی لێ دروست بکرێت.

کەنعان ئەحمەد قەتان، ئەگەرچی بەهۆی تەمەنەوە هێزی کارکردنی نەماوە، لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی تا 6:00ی ئێوارە لە دوکانێکی گەورەی گەڕەکی تەیراوە بە دیار منداڵەکانییەوە دانیشتووە، کە پەرە بە پیشەی بنەماڵەکەیان دەدەن و رۆژانە لە رێگای ئامێرێکی کارەباییەوە لۆکە و خورییەکان شیدەکەنەوە و دەیکەنە دۆشەک و بالیف.

پێداچوونەوە: توانا نەقی