فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا: بەردەوامین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و هەسەدە

964+

فەهمی نەبی

فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا، ئاماری چالاکییەکانی مانگی نیسانی لە عێراق و سوریا بڵاوکردەوە، بە جۆرێک لەو دوو وڵاتەدا 35 ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر حەشارگەکانی رێکخراوی داعش ئەنجامداوە، ئاماژە بەوەش دەکەن هاوکارییان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هەسەدە بەردەوامە.

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، رۆژی هەینی لە راگەیەنراوێکدا ئاماری سەرجەم ئەو ئۆپەرسیۆنانەی بڵاوکردەوە لە عێراق و سوریا ئەنجامیانداون، لە کۆی 25 ئۆپەراسیۆن لە عێراق، هێزەکانیان توانیوویانە حەوت چەکداری رێکخراوی داعش دەستگیر بکەن و نۆ ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوەش بکوژن، هاوکات ئەوەش هاتووە لە ئەنجامی ئەو کردانەدا هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژراوە.

ئامارەکان لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەریدەخەن، لە مانگی نیسان 10 کردەیان ئەنجامداوە، چوار ئەندامی رێکخراوی داعش کوژراون و 21 ئەندامی دیکەی ئەو رێکخراوە دەستگیرکراون، لە ئەنجامی ئەو ئۆپەرسیۆنانەدا یەک سەربازی ئەمریکی گیانی بەخشیوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە بێت، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بەردەوامن لە هاوکاریکردن و راوێژکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، بە هەمان شێوە بەردەوامن لەسەر یارمەتی و راوێژ لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە لە باکووری سوریا.

فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا: بەردەوامین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە و هەسەدە