وەزارەتی تەندروستی عێراق: هیچ منداڵێک بە هەوکردنی پەردەی مێشک نەمردووە

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا تا ئەمڕۆ هیچ منداڵێک لە پارێزگاکانی عێراق بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک نەمردووە، نمونەی پشکنینیان لە چەند منداڵێکی سلێمانی وەرگرتووە و ناردوویانە بۆ بەغدا.

ئەمڕۆ هەینی، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی حکومەتی عێراقی راگەیاندوە، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەهەماهەنگین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دۆخەی دروستبووە بەهۆی هەبوونی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک.

هاوکات وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندوە، هیچ حاڵەتێکی تۆمارکردنی سەخت یان گیانلەدەستدان بەهۆی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمارنەکراوە، هەموو ئەو منداڵانەی دوچاری ئەو نەخۆشییە بوون، بەشێوەیەکی ئەرێنی کاردانەوەیان بۆ ئەو دەرمانانە هەبووە کە وەریانگرتووە.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی، نمونەی چەند پشکنینێک لە پارێزگای سلێمانی بۆ بەغدا نێردراون، بۆ لێکۆڵینەوە لە نەخۆشیەکە هەر کات ئەنجامەکان دەرچوون ئەو کات رادەگەیەنرێت.

لەماوەی رابردوودا لەهەریەکە لە پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان چەندین حاڵەتی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارانە تۆمارکران.