حەوت نان كرا بە هەزار

لە خورماڵ نانەواكان مانیان گرت

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

ئەمڕۆ نانەواخانەكانی خورماڵ مانیان لە كارەكانیان گرت دەیانویست شەش نان بكرێت بە هەزار دینار لە بری هەشت نان.

لە خورماڵ شەش نانەوا خانە و چوار سەمونخانە هەیە، پێشتر هەشت نانیان دەدا بە هەزار دینار، بەڵام مانیان گرت  و داوایان كرد شەش نان بكرێت بە هەزار دینار.

زمناكۆ ئیسماعیل، خاوەنی نانەواخانەیە لە خورماڵ، بە تۆڕی 964ی وت، “لە ماوەی رابردوودا ئێمە هەشت نانمان داوە بە هەزار دینار، داوامان كرد بكرێت بە شەش  نان بە هەزار دینار، چونكە بۆمان دەرناهێنێت”.

بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ و نوێنەری نانەواخانەكان كۆبوونەوە و رێكەوتن لەسەر ئەوەی حەوت نان بكرێت بە هەزار دینار و هەردوولا رازیبوون لەسەر ئەو نرخە.

ئێستا لە خورماڵ حەوت نان بە هەزار دینارە

ئاردی روسی 50 کیلۆگرام 31 هەزار و 500 دینارە و ئاردی سفری تورکی 50  کیلۆ 38 هەزار دینارە، هەروەها  ئاردی بایەعی 50 کیلۆ بە 20 و 500 دینارە

هەر فەردەیەك ئارد ئەگەر بكرێت بە نانی تیری 200 نانی لێدەردەچێت و ئەگەر بكرێت بە نانی فڕن 200 بۆ 250 نانی لێدەردەچێت.