خاوەن زەوییەکانی پرۆژەی سەر رووباری سیروان قەرەبوو دەکرێنەوە

+964

میلاد جەلال – کەلار

ئەو زەویانەی دەکەونە بەر زۆنی دووەمی پرۆژەی مارینا لەسەر رووباری سیروان قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵیش دەڵێت سەرژمێری بۆ زەوییەکانیان ئەنجامدراوە.

رووبەری زەوییەکان 170 دۆنمە، کە هی 41 جووتیارن و زۆرینەی زەوییەکان بەردەڵانن و بە کەڵکی کاری کشتوکاڵی نایەن، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان گرێبەستی کشتوکاڵییان نغیە.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی 964ى وت، “سەرژمێریمان بۆ زەوییەکانی سەر رووباری سیروان کردووە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان کراوە، ئێمە پشتگیریان دەکەین بەپێی”واقعی حال” بۆ وەرگرتنی قەرەبوو، نەک بە پێی یاسا و رێنمایی”.

قەرەبووکردنەوەکە بە پێی رێکەوتنی نێوان جووتیار و کۆمپانیای جێبەجێکار دەبێت، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار وای وت.

پرۆژەی شاری نموونەیی مارینا، پرۆژەیەکی گەشتیاری، بازرگانی، نیشتەجێبوون، پەروەردەیی، پزیشکی و وەرزشییە، لەسەر رووباری سیروان بە رووبەری 355 دۆنم زەوی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر