ئەمڕۆ بە 143.100 دینارە
هۆکاری دانەبەزینی دۆلار ئاشکرا دەبێت
964+
فەرمان سادق
بەراورد بە هەفتەی رابردوو بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی زیاتر لە هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی دەگەڕێتەوە.
کەیفی خۆشناوە، وتەبێژی بازاڕی دراو لە هەولێر بە 964ـی وت، ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلار لە بۆرسەی هەولێر بە 143.100 دینارە و لە بەغداش بەرامبەر بە 142.700 دینارە.
ئەو نرخەی ئەمڕۆ لە کاتێکدایە لە 26ـی مانگی رابردوو بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە 141 هەزار دینار بوو.
لە 20ـی مانگی رابردووەوە تاوەکو ئێستا بانکی ناوەندی رۆژانە کەمترین بڕی دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، دوێنێش سێشەممە تەنیا 20 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری خستە بازاڕەوە.
کەیفی خۆشناو، هۆکاری هەڵکشانەوەی دۆلار بۆ کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەگەڕێنێتەوە، دەڵێت: بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق مەبەستیان نییە دۆلار بەشێوەیەکی خێرا دابەزێت بۆ ئەوەی خەڵکی زیان نەکەن.
لەبارەی ئەو خەڵکەی دۆلاری لە ماڵەوە هەیە، وتەبێژی بازاڕی دراو دەڵێت: دۆلار ئەگەر بۆ کەمترین نرخیش لە بازاڕ دابەزێت، لە 137 هەزار کەمتر نابێت. بۆیە ئەوانەی کە بڕێکی کەم دۆلاریان لە ماڵەوە هەیە و پێشتر کە نرخەکەی زۆر گران بوو نەیانکردووە بە دینار، با ئێستاش نەیکەن.