پێشمەرگەی سلێمانی پلەی دووەمی بەدەستهێنا
964+
یادگار محەمەد
لە یاری کۆتایی خولی بالەی یانە پلە نایابەکانی عێراق، یانەی غازی جنوب لە پێشمەرگەی سلێمانی بردەوە و نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا و پێشمەرگەش پلەی دووەمی مسۆگەر کرد.
یارییەکە دوێنێ دووشەممە لەنێو یاریگای گەل لە شاری بەغدا و بەئامادەبوونی میوان و هاندەرێکی زۆر بەڕێوەچوو.
لە دوو گێمی یەکەمدا، یاریزانانی غازی جنوب باڵا دەست بوون و توانیان بە دوو سێتی (25 – 16) خاڵی سەرکەوتن مسۆگەر بکەن، لە تایمەکانی دواتریشدا یاریزانانی پێشمەرگە ریزەکانیان رێکخستەوە و توانیان ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە بە دوو ئەنجامی (25 – 22) خاڵ.
لە گێمی پێنجەم و کۆتایی، یاریزانانی یانەکەی شاری بەسرە کۆنترۆڵی یارییەکەیان کرد و بەئەنجامی (15 – 9) خاڵ لە سوودی خۆیان یەکلاییان کردەوە و دواجاریش یارییەکە بە ئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە دوو گێم لە بەرژەوەندی غازی جنوب کۆتایهات، بەم شێوەیەش یانەی غازی جنوب بووە پاڵەوانی خولەکە و پێشمەرگەی سلێمانیش پلەی دووەمی پێبڕا.
سەڵاح کانەبی، راهێنەری تیمی پێشمەرگەی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، “یارییەکی ئاست بەرز و بەهێز بوو کە شایەنی ئەوەبوو بڵێیت کە یاری کۆتایی خولێکی بەهێزە، ئێمە ئامادەکاری باشمان بۆ کردبوو، وە توانیمان شکستی دوو گێم یەکسان بکەینەوە بەڵام چەند هەڵەیەکی بچوک نازناوەکەی لەدەست ئێمەدا”.
دوای کۆتایهاتنی یارییەکانی ئەم وەرزە، یانەی غازی جنوب پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و پێشمەرگەی سلێمانیش پلەی دووەم، شورتە لە پلەی سێهەم هات و هەولێریش پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر