لە بەشێکی بەنزینخانەکانی هەولێر هێشتا نرخی بەنزین وەک خۆیەتی

964+

فەهمی نەبی

بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە نرخی لیترێک بەنزین ببێتە 750 دینار، بەڵام لە بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان نرخی بەنزین هەر وەکو خۆی بوو، ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلیەکان دەڵێت ئەو بەنزینەی رۆژانە دێت بڕەکەی دیاریکراوە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەبوو ئەمڕۆ 1.5.2023 بۆ یەکخستنی نرخی بەنزین، لەسەرجەم بەنزینخانەکان بۆ هەر لیتێک بەنزین تا 100ی لێ ببێتەوە.

جەنگی محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلیەکان بۆ 964 وتی “دوێنێ شەو سەعات 10 ئەو بڕیارەمان پێگەیشتووە، لە هەولێر 11 بەنزینخانە ئەو بەنزینەیان وەرگرتووە کە بەپێی نرخە دیاریکراوەکە بێت”.

جەنگی محەمەد وتی، “دەبوو 26 تانکەر دابەشبکرێت، بەڵام ئەو رێژەیە کەمکرایەوە بۆ 11 تانکەر و وابڕیارە هەموو شەو ئەو بڕە دابەشبکرێت، تاوەکو چەند رۆژێک هەموو بەنزینخانەکان وەریدەگرن”.
لەبارەی هۆکاری کەمبونەوەی ئەو رێژەیە، ئەو وتی “نازانرێت بۆچی و کێ بڕیاری کەمکردنەوەی رێژەکەی داوە”.

لەبارەی هەرزانبوونی نرخی بەنزین، سەرۆکی ئەنجومەنی بەنزینخانە ئەهلیەکان دەڵێت، لەو باوەڕەین نرخەکان لەوەی دانراون هەرزانتریش دەبێت، بەجۆرێک نرخی هەر لیترێک تا 700 دینار دێت.

لە 30.4.2023 وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بڕیاریدا، نرخی بەنزین بۆ پاس و تاکسی و هەموو ئۆتۆمبێڵێک بکرێتە 750 دینار بۆ هەر لیترێک.