مەزار و مه‌رقه‌د و پیاوچاك قه‌زاى كۆیه‌یان ته‌نیوه
964+
شلێر سەعید – کۆیە
لە سنوری قه‌زاى كۆیە، چەندین مەرقەد و مه‌زار و پیاوچاك هەن، هه‌ریه‌كه‌و چیرۆك و سه‌ربورده‌یه‌كى لاى ئه‌و خه‌ڵكانه هه‌یه كه سه‌ردانى ده‌كه‌ن. شوێنه‌وارى كۆیه‌ش ده‌ڵێت “مێژووى زۆربه‌یان بۆ 300 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه”.
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى 964، لەناو كۆیە مەرقەدی سەید جامی و باپیر فەقێ ئەحمەد و دەرویش خدر‌و مەرقەدی هەیبەت سوڵتان و شێخی شێخ موسرێ هه‌ن.
مەرقەدی محەمەدی دێرێ یان مه‌رقه‌دی مەربێن قەدیش لە تۆپزاوا هه‌یه، تا ئێستا روون نەبۆتەوە كێیە، مسوڵمانەكان بەهی خۆیان دەزانن و كرستیانەكانیش بەهی خۆیان.
لە ناحیەی سێگردكان، مەرقەدی ئۆمەر گومبەت و له گوندی جه‌لى مه‌زارى كاكی جەلی (مەلا عەبدوڵای جەلیزادە)هه‌یه، لە گوندی كاموسەك گۆڕی شێخ محه‌مەدی بەرگەری هەیە.
لە ناو كوچە و كۆڵانەكانى كۆیه‌ش ته‌نانه‌ت لەناو هەندیك ماڵه‌كان، گۆڕی پیاوچاكان هەن و پەڕۆی سەوزیان لە كێلەكان ئاڵاندوە، پێشتر هه‌ندێك مەرقەد لە كۆلانەكانی گه‌ڕه‌كى قەڵات هه‌بوون به‌ڵام له‌ئێستادا نه‌ماون و گوایه ده‌ڵێن خەڵك تێكیداون.
هەریەك لەو مه‌رقه‌د و مه‌زارو پیاوچاكانه تایبەتمەندی خۆیان بۆ ئه‌و كه‌سانه هه‌یه كه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، زۆربه‌یان كه سه‌ردانیان ده‌كه‌ن بۆ مراز حاصڵبوون هانایان بۆ ده‌به‌ن، به‌شێكی خه‌ڵك باوەڕیان پێیانە بۆ هاتنەدی مرازی دڵیان.
“زۆربه‌ى مه‌رقه‌د و پیاوچاك و مه‌زاره‌كانى قه‌زاى كۆیه مێژووه‌كه‌یان بۆ 300 ساڵ لەمەوبەر ده‌گه‌ڕێته‌وه”
یەكێتی عەبدولواحید، به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنەواری كۆیە، بە 964ـى وت، ژمارەیەكی زۆر مەرقەدی ئایینی له سنوورى كۆیه هه‌ن، بەڵام تەنها شەش لەوانە گومەتیان بۆ كراوە، تا ئیستاش خەڵك سەردانیان دەكه‌ن.
وتیشی “مەرقەدی باپیر فەقێ ئەحمەد كە شوێنەكەی لەناو قشڵەی كۆیەیه و له ته‌نیشت ئه‌میش مەرقەدی مامۆستاكەیه‌تی و مەرقەدی دایە خەجێشمان هه‌یه، كە وەك باسكراوە یەكەم ژن بووە لە كۆیە لەناو پرسه‌كان قورئانی لەبەربووە و بە دەنگێكی خۆش. خوێندویه‌تى”.
سەبارەت بە مێژوو و سەردەمی ئەو شوێنانه‌ش، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه زانیاریەكان ورد نین و رای جیاواز هەیە لەسەر مێژووەكەیان، بەڵام زۆرینه‌یان دەگەرێنەوە بۆ 300 ساڵ لەمەوبەر، تا ئیستاش لێكۆڵینەوە لە بارەی مێژوویان ده‌كرێت.
وتیشی “مه‌زارى شێخی شێخ موسرێ، یەکەم مەلا بوو کە لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامى خوتبەی داوه، قوتابیان له کۆتایی ساڵى خوێندنیان بۆ دەرچون بەردێك بە دیوارەكه‌یەوە دەنێن”.
باسی له‌وه‌شكرد، دۆڵی ئه‌سحابان له سماقوڵی چه‌ند گۆڕێكی گه‌وره‌ى لێبیە، گوایه ئه‌وانه ئەسحابە بوونه، خه‌ڵك كه سه‌ردانیان ده‌كات پشتیان له كێڵى گۆڕه‌كان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى پشت ئێشه‌یان نه‌مێنێت.
وتیشی “داری کەندەکۆخ پیاوچاکێکی ترە لە كۆیەو خەڵک بۆ مراز حاسڵ بوون سەردانیان كردووه”.
مەرقەدی هەیبەت سەڵتانیش كە دەكەوێتە چیای هەیبەت سوڵتان، لە نوێترین لێكۆڵینەوەی مامۆستا زانا تەیفور لە زانكۆی كۆیە، دەڵێت “هەیبەت سوڵتان پیاو بووه‌و ناوی ئه‌یوب سوڵتان بووە”.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن