یانەی دهۆک لە جامی کوردستان گەیشتە کۆتایی

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

ئەمڕۆ یەکشەممە 30.4.2023 یاری پێش کۆتایی لە جامی کوردستان لە نێوان یانەی دهۆک و یانەی شەقڵاوە لەسەر یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو.

یانەی دهۆک بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ خۆی گەیاندە یاری کۆتایی جامی کوردستان، یاری کۆتایش لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەبێت.

لە گێمی یەکەمدا ئاستی یانەی دهۆک و شەقڵاوە نزیکی یەک بوون، هەردوو یانە هەوڵیاندا گۆڵ تۆمار بکەن، هەر لەو گێمەدا یاریزانی یانەی دهۆک زیاد ئەحمەد لە خولەکی 37 توانی گوڵی یەکەم تۆماربکات.

لە گێمی دووەمدا یانەی شەقڵاوە هەر لەسەرەتاوە هەوڵیدا گوڵی بەرامبەر تۆماربکات لە خولەکی 54 پەنارتییەک بۆ یانەی شەقڵاوە دروستبوو، بەڵام یاریزان  محەمەد سەعید نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات، لە بەرامبەریشدا یانەی دهۆک هەوڵیدا گۆڵی زیاترتۆماربکات و لە خولەکی 56 یاریزانی یانەی دهۆک ئەحمەد کەریم گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دوای سێ خولەک و لە خولەکی 59 یاریزانی یانەی دهۆک ڕێناس تاهر گۆڵی سێیەمی بۆ یانەی دهۆک تۆمارکرد.

لەخولەکی 64 یاریزانی یانەی شەقڵاوە، ئامانج کەریم گۆڵی یەکەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، بە تۆمارکردنی ئەو گوڵە یاریەکە گەرم وگوڕتر بووەوە، یانەی شەقڵاوە هەوڵیدا گۆڵی زیاتر تۆمار بکات، بەڵام نەیانتوانی دواتر لە خولەکی 85 یاریزان ئەحمەد کەریم یاریزانی یانەی دهۆک گوڵی دووەمی خۆیی و  چوارەمی بۆیانەکەی تۆمارکرد، بەو شێوەیە یانەی دهۆک گەیشتە یاری کۆتایی لەخولی جامی کوردستان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی