خۆپیشاندەران بەردەوامن لە داخستنی رێگاکان
964+
مەجید بتوێنی – رانیە
یەکسایدی و چاڵ و چۆڵی رێگاکان، زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەم رێگایە، ماوەی سێ شەو و رۆژە خۆپیشاندەرانی 12 گوندی لێرە هێشتووەتەوە
ئەوان رێگەی سەرەکی هیزۆپ – هیرانیان لە بارهەڵگرەکان داخستووە.
دەیان شۆفێری بارهەڵگر چەند رۆژێکە خۆیان و بارەکانیان گیریان خواردووە، ئەوانیش جارجار وەک ناڕەزایەتییەک رێگا لە شۆفێرانی تایبەت دەگرن، شۆفێرەکان نازانن خەم لە خۆیان بخۆن یان لە خەسارەتی بارەکانیان.
تەنیا لێرە رێگا دانەخراوە، بەڵکو لە دوو رێگای سەرەکی تریش جموجۆڵی بازرگانی پەکیکەوتووە، لێرەش ماوەی پێنج رۆژە خۆپیشاندەرانی گوندەکانی دۆڵی سماقوڵی بەربەستەکانیان دروستکردوەە و چۆڵی ناکەن، خۆیشاندەرانی رێگای کۆیە – هەولێریش هەمان داواکارییان هەیە.
شۆفێرانی بارهەڵگر بەدوای رێگایەکی دیکەدا دەگەڕێن، جارجار رێگای بالیسان بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوێیش بۆیان گونجاو نییە جگە لەوەی لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و بەپێی زانیارییەکان ئەگەری هەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا دابخرێت.
سێ رێگای سەرەکی پارێزگای سلێمانی بە هەولێر دەبەستنەوە، بەم شێوەیە بە ساتر بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخراوە، خۆپشاندەران دەڵێن تا وەڵامی داواکارییەکانیان نەدرێتەوە بەردەوام دەبن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان، بەڵام دیار نییە کەی حکومەت بە دەم داواکانیانەوە دەچێت.