جێگری میری ئێزیدیان: لە ئەخلاقی ئێمەدا نییە هێرش بکەینە سەر مزگەوت
964+
عەمار عەزیز
هەمان میرزا بەگ جێگری میری ئێزیدیان رایگەیاند، هێرشکردنە سەر مزگەوت لە رەوشتی ئەوان دوورە و بەرپرسیار نین لەوەی لە قەزای شەنگال روویداوە.
ئەمڕۆ هەینی، 28.4.2023، هەمان میرزا بەگ ئەم قسانەی بۆ 964 کردووە.
دوێنێ پێنجشەممە، ڤیدیۆیەک لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکرایەوە، تیایدا دەردەکەوێت ژمارەیەک گەنج بە بەرد هێرش دەکەنە سەر مزگەوتێک لە شەنگال.
بەگوێرەی زانیارییەکانی 964، ئەو رووداوە پەیوەندی بە گرژی ئایینیەوە نییە، بەڵکو لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێک بووە دژ بە گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی ئەوان پێیان دەڵێن “عەرەبی هاوردە” بۆ قەزای شەنگال.
هەمان میرزا بەگ وتی، “هەندێک کەس دەیانەوێت کێشە و ئاڵۆزی بخەنە نێوان ئێزیدیەکان و لایەنەکانی تر، بەڵام هێرشکردنە سەر مزگەوت لە ئەخلاقی ئێمەدا نییە و ئەو رۆژانەش لەبیرناکەین کە برا مسوڵمانەکان لە کاتی ئاوارەییدا دەرگای مزگەوتەکانیان بۆ کردینەوە”.
میری ئێزیدیان پەیامی بۆ لایەنەکان ناردووە و ئاگاداری کردوون لەوەی پەیوەندیان بەو گرژییانەی شەنگالەوە نییە
هەمان میرزا بەگ
ئەو رووداوە نیگەرانی لای بەشێک لە مسوڵمانانی هەرێمی کوردستان دروستکرد، بەشێکیان بە شێوەی نوسین لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی تووڕەیی خۆیان دەربڕیوە.
لەوبارەیەوە، عەبدولڕەزاق کۆڤلی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی دهۆک بە 964ی وت، “پێکەوەژیانی نێوان ئێمە و ئێزیدیەکان بەو شتانە تێکناچێت، هەروەها داوا دەکەین لە حکومەتی عێراق سزای ئەو کەسانە بدات کە هێرشیان کردووەتە سەر مزگەوتەکە”.
هەندێک کەس دەیانەوێت برایەتی نێوان ئێمە و ئێزیدیەکان تێکبدەن، بەڵام بۆیان سەرناگرێت
عەبدولڕەزاق کۆڤلی
کوردانی ئێزیدی ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەسن، 550 هەزاریان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی مادەی 140 دەژین، ئەمە بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر