پۆندەکانی گەرمیان پارەیان بۆ خەرج ناکرێت
964+
توانا نەقی
کارکردن لە سێ پۆندەکەی گەرمیان بەردەوامە بەڵام گرفتی پێدانی پارەیان هەیە وەک سلفە و بەشێکی زۆری ئەو کارەشی کردوویانە لە گیرفانی خۆیان بووە.
هەریەک لە پۆندەکانی سەرقزڵ، سەید حسێن و گۆبان لە گەرمیان لە بواری جێبەجێکردندان و پۆندی سەرقزڵ زیاتر لە 65% کارەکانی تەواو بووە.
موئەیەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاودێری گەرمیان بە 964ی وت، لەو سێ پۆندە تەنیا سەرقزڵ بەشێکی زۆری کارەکانی تەواو بووە کە زیاترە لە 65% و هەرچی پۆندی سەید حسێن و گۆبانە نزیکەی لە 22% تەواو بووە و کاری زۆریان تێدا نەکراوە.
وتیشی هۆکاری سستی لە کارکردن لە پۆندەکاندا بۆ نەبونی پارەی نەختینە دەگڕێتەوە لە بانکدا، کە بەڵێندەرەکان یان دەبێت لە گیرفانی خۆیان کار بکەن یان دەبێت دەست هەڵبگرن لە کارکردن.
بەڵێندەری یەکێک لە پۆندەکانی گەرمیان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ی وت، تا ئێستا حکومەت لە 20%ی پارەی پێداوین و بە مەرجێک لە 68%ی کارەکانمان تەواو کردووە.
وتیشی، پۆندی سەرقزڵ ئەگەر پارەمان بۆ خەرج بکەن لە ماوەی مانگێک بۆ مانگ و نیوێک هەموو کارەکانی تەواو دەکەین و لە ئێستادا زیاتر لە شەش مەتر ئاوی گلداوەتەوە و زۆرینەی کارەکانی لە گیرفانی خۆمان کردوومانە.