سۆران لە کەلار ریمۆنتادای کرد

شێروانه‌ دوایاریی له‌ یاریگه‌ی خۆی نه‌برده‌وه‌

+964
میلاد جەلال – گەرمیان

یانەی شێروانە لە کۆتا یاری له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ خولی نایابی كوردستان، نه‌یتوانی بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و له‌ یارییه‌كی پڕ گۆڵدا له‌گه‌ڵ یانه‌ی سۆران یه‌كسان بوو.

لە گەڕی 28ى خولی نایابی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 25.4.2023 یانەی شێروانە له‌ یاریگه‌ی خۆیدا له‌ كه‌لار به‌رامبه‌ر یانه‌ی سۆران یاریی كرد و له‌ ئه‌نجامیشدا به‌ 3-3 گۆڵ یه‌كسان بوون.

لە گێمی یەکەمی یارییه‌کەدا شێروانە ئاستێکی باشی پیشان دا، لە خولەکەکانی 27، 42 و 45+2 لە رێگەی یاریزانان بەمۆ غەریب بە لێدانی سزا و مەسعەب جەمال و محەمەد تەھا سێ گۆڵیان تۆمارکرد ، گێمی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندیی شێروانە کوتایی ھات.

یانەی سۆران بەو ئەنجامە رازیی نەبوو، هەر لە سەرەتای گێمی دووەمی یارییەکە لە خولەکی 46 لە رێگەی یاریزان وەزاع مالیک گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد، لە خولەکی 87 یاریزانی شێروانە سەلام محه‌مەد بە ھەڵە گۆڵی دووەمی سۆرانی لەسەر خۆیان تۆمارکرد.

سۆران كه‌ ریمۆنتادای له‌ یارییه‌كه‌دا به‌سه‌ر تیپی خاوه‌ن یاریگه‌دا كرد، لە خولەکی 89 گۆڵی سێیه‌می به‌هۆی یاریزان “رێزدار وەلی” تۆمار كرد و یارییه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه‌.

فەرمان وریا یاریزانی یانەی سۆران، بۆ تۆڕی964 له‌ دوای یارییه‌كه‌ وتی “گێمی دووەم ئاستێکی زۆر باشمان پێشکەش کرد، دەبوو یارییەکە ببه‌ینه‌وه‌”.

لە بەرامبەریشدا بەختیار مەحمود یاریدەدەری راھێنەری یانەی شێروانە بە تۆڕی 964 وت، “پلانمان نەبوو لە گێمی دووەم بگەڕێینەوە دواوە، بەڵام لە سەرەتای گێمی دووەم یاریزانێکمان کرایە دەرەوەی یاریگه‌ و یاریزانەکان سستیان پێوە دیاربوو، بۆیه‌ گەڕانەوە دواوە و بەرگرییان كرد، ئەمەش وایکرد ئەنجامەکە یەکسان بکرێتەوە”.

بەم ئەنجامەش یانەی شێروان بە 36 خاڵ و یانەی سۆران بە 38 خاڵ لە ریزبەنده‌كانی شەشەم و چوارەمی خولی نایابن.

یانه‌ی شێروانه‌ هیچ یارییه‌كی له‌ یاریگه‌ی خۆی نه‌ماوه‌، له‌ گه‌ڕی داهاتوو چاوه‌ڕوان ده‌بێت و له‌ دواگه‌ڕیشدا له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ سیروانی نوێ یاریی ده‌كات.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا