ئەم بەیانییە دەستگیرکراوە
ئاسایشی هەولێر: عەلی سیاسی لەسەر داڵدەدانی داواکراوێک دەستگیرکراوە
964+
فەرمان سادق
بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی راستی شاری هەولێر عەلی مەحمود چالاکوانی جینۆساید دەستگیرکرا. گوتەبێژی ئاسایشی هەولێریش دەڵێت، تۆمەتبارێکی لە ماڵەکەیدا داڵدەداوە بۆیە دەستگیرکراوە.
عەقید سەباح خدر، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی عەلی مەحمود دەڵێت: داواکراوێک بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی، کە تایبەتە بە کوشتن لەلایەن عەلی مەحمودەوە لە ماڵەکەیدا داڵدە دراوە.
وەک لە روونکردنەوەکەی ئاسایشی هەولێر هاتووە، داواکراوەکە دەستگیرکراوە و “عەلی مەحمودیش بەتۆمەتی داڵدەدانی داواکراوەکە دەستگیرکراوە.”
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت، زانیاری زیاتر بڵاو دەکەینەوە.
عەلی مەحمود، چالاکوانێکی دیار و ناسراوی شاری هەولێر، خۆی بە تەنیا لە ماڵەکەیدا لە گەڕەکی راستی شاری هەولێر دەژیێت و خانەوادەکەی لە وڵاتی هۆڵەندا نیشتەجێن.
ئەو یەکێکە لەو نووسەرانەی بواری جینۆساید و ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستانە.
یەکێتییەکە لەسەر دەستگیرکردنی عەلی مەحمود کە بە عەلی سیاسییش ناسراوە، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لەو بارەیەوە ئاگادار دەکەینەوە، بۆ سۆراخکردنی و ئاشکراکردنی چارەنووسی و پاراستنی سەلامەتیی گیانی عەلی مەحمود.