وەزارەتی دەرەوە: سێ هاوڵاتی عێراقیمان لە سودان دەربازکرد

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەربازکردنی سێ هاوڵاتی راگەیاند کە بە هۆی شەڕەوە لە سودان گیریانخواردبوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، سێ هاوڵاتیان لە سودانەوە بۆ سعودیە گواستووەتەوە.

دوێنێش، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پێنج هاوڵاتی دیکە کە ئەندامانی یەک خێزان بوون، لە سودان دەربازکران و گەڕێندراونەتەوە.

“هاوڵاتیانی عێراق کە لە سودان نیشتەجێن، دڵنیا دەکەینەوە کە حکومەتی عێراق لەگەڵتان کاردەکات بۆ چۆڵکردنی سەلامەت کە گەرەنتی سەلامەتیتان دەکات”، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە تویتەر وای وت.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، بە چوار فڕۆکەی هێزی ئاسمانیی سوپای وڵاتەکە، نزیکەی 343 هاوڵاتی ئوردنی و ژمارەیەک هاوڵاتی عێراقی، سووری، فەلەستینی و ئەڵمانیان گواستووەتەوە عەمانی پایتەخت.

لە 15ی نیسانەوە شەڕی ناوخۆ لە سودان سەریھەڵداوە و تاوەکو ئێستا سەدان کەس کوژراون و برینداربوون.