ئاسایشی هەولێر
تۆمەتبارانی شەڕەکەی شەقامی 100 مەتری دەستگیرکران
+964
كوردستان ئەحمەد
ئاسایشی هەولێر راگەیەنراوێكی لەبارەی شەڕەكەی شەقامی 100 مەتری شارەکە بڵاوكردەوە و دەڵێت، تۆمەتبارەكان دەستگیركراون.
لە راگەیەنراوەكەدا باس لەوەكراوە لەسەر فەرمانی دادوەر پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان كراوەتەوە و دۆسیەكەیان رەوانەی دادوەر كراوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20.4.2023، لە شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاوڵاتی دانیشتوی شاری هەولێر روویدا و بەهۆیەوە یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقەکەر بەناوی (ئـ.ع.ش) بریندار دەبێت و بەداخەوە هاوڵاتییەکی دیکەش بەناوی (ل.ج.ح) بریندار دەبێت.
دوابەدوای ئەو رووداوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەستپێکرد، لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بەناوی (هـ.خ.ق) دەستگیرکرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە لەبارەی دۆسیەکە کراوەتەوە و رەوانەی بەردەم دادوەر کراوە.
هاوڵاتیانی بەڕێز و خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گروپێکەوە بێت هێڵی سوورە.