لە تەقتەق
بارهەڵگرێک بە شۆفێرەکەیەوە سوتا
964+
شلێر سەعید – کۆیە
بەهۆی سوتانی بارهەڵگرێکی گازەوە لە کۆمەڵگەی قەرەناو سەر بەناحیەی تەقتەقی قەزای کۆیە، شۆفێرەکەی %90ی جەستەی دەسوتێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوەکە روویداوە و شۆفێرەکەی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
نەبەز حەمەخان بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی تەقتەق بە 964ی راگەیاند: ئەم ئێوارە لە بەری خاڵخاڵان لە کۆمەڵگای قەرەناو تانکەرێک وەردەگەڕێت و دەسوتێت.
وتیشی، دەستبەجێ شۆفێرەکەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەکەمان، بەڵام لەبەر زۆری رێژەی سوتاوییەکەی کە %90ی جەستەی سوتابوو رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکوک کراوە.
شۆفێرەکە ناوی جەمال سابیرە و کاری گواستنەوەی گازوایلە و خەڵکی گوندی چۆم حەیدەرە لەتەقتەق.
پێداچوونەوە: توانا نەقی