جەژنی چوارشەممەی سوور لە ناوچە جیاوازەکان بەڕێوەدەچێت

964+
زەید کۆچەر

ئەمڕۆ جەژنی چوارشەممەی سوری ئێزیدیەکان لە چەندین ناوچەی جیاجیای هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پارێزگای دهۆک و دەشتی نەینەوا بەڕێوەچوو.

قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک یەکێکە لەو ناوچانەی ئێزیدینشینێکی زۆری هەیە و ساڵانە تام و بۆنی ئەو جەژنەی زیاتر پێوە دیارە.

964 لە ماڵی بابە شێخ و میر تەحسین بەگ میری ئێزیدیەکان لە قەزای شێخان ئامادەبوو.

لە جەژنەکەدا، وەکو کولتورێک هێلکە دەکوڵێنن و رەنگاوڕەنگی دەکەن، خۆیان دەڵێن ئاماژەیە بەوەی دنیا (زەوی) وەکو هێلکە گۆییە و پڕ لە رەنگی جیاوازە.

دوای رەنگکردنی هێلکەکان، پیاوەکان پەلکی هێلکەکان دەخەنە نێو زەوییەکانیان بۆ ئەوەی “بەرەکەت” بکەوێتە رزق و رۆزییان.

جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی کە خۆیان دەڵێن “چوارشەمبا سۆر”، یەکێکە لە جەژنە دیارەکان کە هەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و لە پەرستگەی لالش دەکرێتەوە.

تایبەتمەندیی جەژنەکە ئەوەیە کە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسان، کە بەلای کوردانی ئێزدییەوە ئەم مانگە بوکی ساڵە. لەم جەژنەدا هێلکە رەنگ دەکەن و کچ و کوڕ دەچنە دەشت و دەر و گوڵەکانی نیسان دەکەنەوە و لە یەخەی یەکتری دەدەن.

شێخ فەرهاد بابە شێخ لە بنەماڵەی بابە شێخی کۆچکردووی ئێزیدیەکان بە 964ی وت، ئەوان بە حیساباتی رۆژمێری خۆرهەڵاتی کاروبار و مەراسیمەکانیان رێکدەخەن.

رۆژمێری رۆژهەڵاتی لەسەر بنچینەی ئەوە دامەزراوە کە خودا لەم مانگەدا گەردوونی دروستکردووە.

وتیشی، مانگی نیسان بوکی ناو مانگەکانی ساڵە، هەربۆیە لەو مانگەدا هیچ مەراسیمێکی بوک گواستنەوە (هاوسەرگیری) ئەنجام نادەن، هەروەها چیتر زەوی ناکێڵن.

لە قەزای شێخان هەریەک لە مسوڵمان، مەسیحی و ئێزیدی پێکەوە دەژین و بە ناوچەی “پێکەوەژیان” ناسراوە.

ژمارەی کوردانی ئێزیدی نزیکەی یەک ملیۆن کەسن، 550 هەزاریان لە باشووری کوردستان دەژین، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر