دوای حەوت ساڵ لە بەستەڵەکی نێوانیان
ئێران میوانداری شا سەلمانی سعودیە دەکات
964+
فەهمی نەبی
دوای حەوت ساڵ لە وەستانی هەموو پەیوەندیەکانیان، بۆ یەکەمجارە سەرۆکی ئێران داوەتنامەیەک بۆ میوانداریکردنی شا سەلمان عەبدولعەزیزی سعودیە دەنێرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەی راگەیاند، هاوکات ئەوەشی وتوە، کە بەهەمان شێوە شای سعودیە داوەتنامەیەکی بۆ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ناردووە.
هێشتا روون نییە کەی ئەو سەردانە ئەنجامدەدرێت، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پەرۆشی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی ئەو سەردانە دەربڕی.
رۆژی 10ی ئادار، بەنێوەندگیری چین هەریەکە لە سعودیە و ئێران، رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، ئەمەش دوای حەوت ساڵ لە وەستانی.
ساڵی 2016، سعودیە سزای لەسێدارەدانی بەسەر نەمر باقر نەمر جێبەجێکرد، ئەو کەسایەتیی هەرە باڵای شیعەکانی سعودیە بوو، بەهۆیەوە بالیۆزخانەی سعودیە لە تاران رووبەرووی هێرش بویەوە و لەو کاتەوە سعودیە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاندبوو.
لەزاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیران ئەوەش هاتووە کە 9ی ئایار هەردوو بالیۆزخانەکە دەکرێنەوە.