کچانی بێلانەی دهۆک دەحەسێنەوە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

بەردی بناغەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کچانی بێ سەرپەرشتی دهۆک دانرا و بە کەمتر لە ساڵێک دەبنە خاوەن خانووی خۆیان و دەحەسێنەوە.

پڕۆژەکە بۆ 60 کچی بێ سەرپەرشت و بێلانەیە کە پێشتر هەر لە منداڵییەوە لەلایەن خانەی بێ سەرپەرشتانی دهۆکەوە پەروەردە کراون و گەورە بوونە، ئێستا دەیانەوێت لەو پڕۆژەیەدا بیانکەن بە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان.

بەپێی یاسا وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە خانەی بێ سەرپەرشتان بەخێو دەکران، پاشان هیچ شوێنێک نەبوو تێیدا بمێننەوە.

ئەمڕۆ 16.4.2023، بەردی بناغەی ئەو باڵەخانە لە دهۆک دانرا بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کچە بێ سەرپەرشتانەی دهۆک کە ژمارەیان 60 کچ دەبێت.

باڵەخانەکە لەلایەن کۆمپانیای مەندۆ وەکو کارێکی خێرخوازی بۆ ئەو کچانە دروستدەکرێت کە گوژمەکەی ملیۆنێک و 100 هەزار دۆلارە و لەسەر رووبەری 8750 مەتردوجا دروستدەکرێت.

یەکە نیشتەجێبووەکان دوو جۆرین، یەکێکیان دوو ژووری و ئەوەی دیکەشیان یەک ژوورییە.

شێرزاد حەمید، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی دهۆک بە 964ـی وت، پڕۆژەکە تایبەتە بە کچانی بێ سەرپەرشت، ئێمە وەک چاودێری کۆمەڵایەتی سەرپەرشتیان دەکەین.

بڕیارە باڵەخانەکە لە ماوەی 320 رۆژ تەواو بکرێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق