سۆران و برایەتی یەکسان بوون

964+

ئاسۆ وەرتی-سۆران

لە گەڕی 26ی خولی نایابی کوردستان، هەردوو یانەی سۆران و برایەتی بەیەک گەیشتن.

لە سەرەتای یارییەکە هەردوولا بەئاستی باش دەرکەوتن، بەڵام هەرزوو یانەی سۆران دەرفەتی گۆڵی قۆستەوە، توانی لەڕێگەی یاریزان ئاراز ئەنور لەخولەکی چوار گوڵی یەکەم تۆمار بکەن.

برایەتی له دواخولەکی زیادکراوی گێمی یەکەم، لەڕێگە یاریزان ئالان سەعدوڵلا گوڵی یەکسان بوونەوەی تۆمارکرد.
گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات.

لە گێمی دووەم، یانەی سۆران چەند هێرەشێکی مەترسیداریان کردە سەرگۆڵی برایەتی، لەخولەکی 60 توانیان گۆڵی دووەم لەڕێگەی یاریزان رێزدار وەلی توماربکەن.
بەڵام برایەتی بەو ئەنجامە رازی نەبوو، هەوڵی یەکسان کردنەوەی یارییەکەی دەدا، توانی لەڕێگەی یاریزان بۆتان دەهان لەخولەکی 78 گۆڵی دووەم و یەکسان بوونەوەی یانەکەی تۆماربکات.
ئەنجامی یارییەکەی نێوان سۆران و برایەتی 2-2 کۆتایی هات.

هیشام شێرزاد، یاریزانی یانەی برایەتی، بۆ 964 دەڵێت: لە ئاستی تیپەکەمان رازی بووین، ئێمه بۆ بردنەوە هاتبوین بۆ ئەوەی ریزبەندیەکەیان لێوەربگرین، چونکە لەریزبەندیەکە ئەوان سێییەم و ئێمه چوارم بووین.

فەرهەنگ سەعدی، یاریدەدەری راهێنەری سۆران دەڵێت: ئێمه له ئەنجامی یارییەکە رازی بووین، هەرچەندە هەلی گۆڵکردنی زۆرمان لەدەستدا، کاپتنی یانەکەمان بەهۆی ئەوەی سێ سزای هەبوو نەیتوانی یاری بکات.

یانەی سۆران بە 37 خاڵ لە رێزبەندی سێیەم مایەوە و برایەتیش بە 34 خاڵ نەیتوانی بگاتە قۆناغی سێیەم.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی