زۆرترین بارانبارین لە بارزان و کەمترینی لە شوان باریوە

964+

فەرمان سادق

لە دەڤەری بارزان سنووری پارێزگای هەولێر زۆرترین باران باریوە، هاوکات لە ناحیەی شوانی سنووری پارێزگای کەرکوکیش کەمترین رێژەی بارانبارین تۆمار کراوە.

بەپێی خشتەی بەشی پێشبینی بێت بۆ رێژەی بارانبارین لە 24 کاتژمێری رابردوودا، لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەڵەبجە بارانیكی باش باریوە، لە سلێمانیش بە گشتی باشتر بووە لەوەی هەولێر.

زۆرترین رێژەی بارانبارین لەسەر ئاستی کوردستان لە دەڤەری بارزان باریوە کە 29.2 ملم بووە، لە ناحیەی شوانی سنووری کەرکوکیش 0.3 ملم بارانباریوە.

لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش، لە سنووری پارێزگای هەولێر، لە دەڤەری بارزان 29.2 ملم و لە شەمامک 0.4 بارانباریوە، لە سنووری پارێزگای دهۆک لە بامەڕنێ 28.6 ملم بارانباریوە و لە باتوفا کەمترین بارانباریوە کە 5 ملم بووە.

لە سلێمانی، زۆرترین بارانبارین لە دەربەندیخان بارانباریوە کە 18.4 ملم بووە، لە دوکانیش 2.4 ملم بارانباریوە، هەروەها لە هەڵەبجە زۆرترین بارانبارین لە ناحیەی سیروان بووە کە 19.3 ملم بووە و لە سەنتەری هەڵەبجەش 15.2 ملم بارانباریوە.

هاوکات لە سنووری پارێزگای کەرکوک کە خانەقین و گەرمیانیش لەسەر ئەوێ حیساب کراون، زۆرترین رێژەی بارانبارین لە قەزای خانەقین بووە کە 17.8 ملم بووە و لە ناحیەی شوانیش تەنیا 0.3 ملم بارانباریوە.