ئامێدی و دەورووبەریشی بێ ئاو بوون

964+

عەمار عەزیز  – دهۆک

بەهۆی دروستبوونی لافاو لەچەند شوێنێکی سنوری قەزای ئامێدی ئاوی زێی گەورە بەتەواوی لێڵ بووە و رێژەی لێڵ بوونی گەیشتووەتە زیاتر لە سێ هەزار Ntu، بەو هۆیەوە پرۆژەی ستراتیژی ئاوی خواردنەوەی قەزای ئامێدی بە شێوەیەکی کاتی وەستاوە.

ئەندازیار خەڵات عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری پارێزگای دهۆک بە توڕی 964ی وت” پرۆژەی ئاوی ماڵانی  سەنتەری ئامێدی و ناحیەی شیلادزێ و ناحیەی دێرەلوک لە روباری زێی گەورە دابین دەکرێت، لە دوێنێوە پرۆژەکە وەستاوە، بەهۆی لێڵ بوونی ئاوی روباری زێی گەورە، رێژەی لێڵبوونی ئاوەکە سەرووی سێ هەزار Ntu  ئەوەش رێژەیەکی یەکجار زۆرە.

Ntu زاراوەیەکی زانستییە کە بۆ  پێوانەکردنی رێژەی لێڵ بوونی ئاو بەکاردەهێنرێت.

خەڵات عوسمان دەشڵێت،” چاوەریێ ئەوە دەکەین ووردە وردە رێژەی لێڵ بوونی ئاوەکە دابەزێت، ئینجا پڕۆژەکە ئیش دەکات بەلایەنی کەم دەبێت رێژەی لێڵ بوونی ئاوەکە بگاتە هەزار پلەی Ntu، تا رێژەکە دانەبەزێت ناتوانین ئاوی خواردنەوەی بۆ سەنتەری ئامێدی و ناحیەکانی شیلادزێ و دێرەلوک دابین بکەین.

پێداچوونەوە: توانا نەقی