خوێندكارێكی زانكۆ بە تەزوی كارەبا گیانی لەدەستدا

964+
كاروان ساڵحی-كەركوك

خوێندکارێکی زانکۆی قەڵەم لە شاری کەرکوک، لەکاتی کردنەوەی مەنهۆڵی بەشە ناوخۆییەکەیان تەزوی کارەبا لێیدا و گیانی لەدەستدا، پۆلیس تەرمەکەی گواستەوە بۆ پزیشکی دادی کەرکوک.

خوێندکارەکە ناوی زاهیر تاهیرە، تەمەنی 24 ساڵە و خەڵكی پارێزگای دیالەیە، خوێندکاری بەشی سڕکردنی گشتی بووە.

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 12.4.2023 روویداوە.

بەوتەی هاوڕێکانی، کە بۆ 964 قسەیانکرد، رووداوەکە ئەو کاتە روویداوە، کە بەهۆی باران بارینی دوێنێ شەوەوە، ئاوێكی زۆر لە نهۆمی دووەمی بەشە ناوخۆییەكەیان كۆبۆتەوە، ویستویەتی بە پارچە ئاسنێك مەنهۆڵەکە پاك بكاتەوە، بەڵام پارچە ئاسنەكەی دەستی بەر كێبڵی كارەبا كەوتووە، تەزوی كارەبا لێیداوە و دەست بەجێ گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك بە 964ی وت “تەرمی ئەو گەنجە گەیشتوەتە پزیشكی دادی كەركوك، لە رێگای هاوڕێكانیەوە پەیوەندی بەكەسوكارەكەی كراوە، تاوەکو تەرمەكەی وەربگرنەوە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی