وەزارەتی تەندروستی نرخ دەخاتە سەر دەرمان

کۆتایی بە دیاردەی گرانی نرخی دەرمان هات

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

وەزارەتی تەندروستی، خزمەتگوزاری نرخ بۆ ستیکەری سەر دەرمانەکان زیاد دەکات و، داواش لە هاوڵاتیان دەکات پێش کڕینی سەیری بکەن.

هەوڵەکەی وەزارەتی تەندروستی لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی نرخ و کوالێتیی دەرمان دایە لە بازاڕەکانی هەرێم، کە لەڕێگەی بارکۆدێکەوە، کە بریتییە لە زانیاری لەسەر دەرمانەکە نرخ دیاری کراوە.

دکتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە 964+ـی وت “ئەو بارکۆدە تەواوی زانیاریی لەسەر کوالێتیی دەرمانەکە لەسەرەو، پێشتریش هەبووە، بەڵام خزمەتگوزاری دانانی نرخ زیاد کراوە، هاوڵاتی دەتوانێت پێش کڕینی دەرمانەکە سەیری بکات تا پارەی زیاتر نەدات”.

964+ دەزانێت، قەبارەی هاوردەی ساڵانەی دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان یەک ملیار دۆلارە.

بەپێی زانیارییەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمانی هەرێم، ١٢ هەزار دەرمانی جۆراوجۆر لەلایەن زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیاوە هاوردەی هەرێم دەکرێت، جگە لەوەی سێ کۆمپانیای ناوخۆییش هەن کە دەرمان بەرهەم دەهێنن.