“قاله” ته‌نیا ئه‌و وێنه‌یه‌ى له پاش به‌جێمابوو
964+
هۆگر عەدنان – چه‌مچه‌ماڵ
له چه‌مچه‌ماڵ شەقامێك به‌ناوى كه‌سایه‌تیه‌ك كرا، نزیکەی هه‌زار كه‌سی له شاڵاوه‌كانى ئه‌نفال رزگار كردووه، ئه‌و كه‌سایه‌تیه ته‌نها وێنه‌یه‌كی له‌دواى خۆی به‌جێمابوو، ئه‌و وێنه‌یه‌شیان بۆ گه‌وره‌كرد و ناویان له شه‌قامه‌ش نا “شه‌قامی قاله”.
عەبدولقادر محەمەد گورون ناسراو بە (قالە) ئەو کارەکتەرەی لەبەرواری 11.4.1988 لە دەستپێکی قۆناغی سێی ئەنفالدا، دەبێتە پێشەنگی خۆپیشاندانى خوێندكار‌و گه‌نجان و بانگەواز بۆ خەڵکی دەکەن، رێگری لە زیل و ئۆتۆمبێله سه‌ربازیه‌كانی به‌عس بكه‌ن، کە خەڵکیان پێدەگوێزرایەوە بۆ چەمچەماڵ و دواتر بۆ خواروی عێراق.
بەوتەی هاوڕێکانی “قالە کەسێکی بێکەس بوو لەسەر شەقامەکان دەمایەوە، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش بوو كه نزیکەی 1000 کەسی لە پڕۆسەی ئەنفالکردن رزگارکردوە”
ئارام نەجات سەرۆک شارەوانی چەمچەماڵ بە 964ـى وت “ساڵانە لەم رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر رێکدەخەین بۆ کەسایەتی قالە و هاوڕێکانی، ئەمساڵیش شەقامێکی سەرەکی چەمچەماڵ – ناحیەی شۆڕش، بەناوی ئەو کەسایەتیەوە کراوه “.
باسی ئەوەشی کرد، كه هەرئەمڕۆ خەڵاتی رێزلێنان به‌خشراوه به چەند هاوڕێیەکی قالە، کە ئەوکات بەشداربوون لە خۆپیشاندانەكان، وتیشی “بەڵام بەداخەوە بەهۆی ئەوەی قالە کەسایەتیەکی بێکەسە و له‌ژیاندا نه‌ماوه، نەمانتوانی خەڵاتی کەس بکەین لە بری ئه‌و”.
به‌پێی زانیاریه‌كانى 964، عەبدولقادر محەمەد گورون ناسراو بە قالە، لەدوای راپەڕینەوه و لەساڵی 1992 مین پێیدا تەقیوەتەوە و گیانى له‌ده‌ستداوه.
دوای خۆی، تەنها یەک وێنەی بەجێماوە، ئه‌ویش لە پێش ساڵی 1988 گیراوە، ئه‌مڕۆش ئه‌م تاكه وێنه‌یه‌ى گه‌وره‌كراو له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌ى چه‌مچه‌ماڵ هه‌ڵواسراوه.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن