فۆتۆ - هاتوچۆی هەولێر
"هاتووچۆ داوادەكات"
سەرپێچیت بینی ڤیدیۆی بگرە و بۆ پۆلیسی هاتوچۆی بنێرە
964+
فەرمان سادق
رۆژانە دوور لە چاوی پۆلیسی هاتوچۆ دەیان سەرپێچی لەلایەن شوفێرانەوە ئەنجامدەدرێت، هەیانە ئەو فسفۆڕانە دەشێلێت کە لەسەر شەقامەکان دانراون. هاتوچۆ دەڵێت: سزایان دەدەین.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، هەموو ئەو شوفێرانەی سەرپێچی هاتوچۆ دەکەن، بە تایبەت کە ئەو فسفۆڕانەی شەقامەکان دەشێلن و بەسەری دەکەون و دەیانەوێت بیشکێنن، ئەوا سزا دەدرێن.
فازڵ حاجی، لە وەڵامی کۆمێنتی هاوڵاتییەک کە وێنەی ئۆتۆمبێلێکی داناوە فسفۆڕی شەقامەکان دەشێلێت، داوای لێدەکات ڤیدیۆکەی بۆ بنێرێت.
ئەگەرچی لە یاسادا نییە وەها سەرپێچییەک شوفێرەکەی سزا بدرێت، هاوکات هیچ رێنماییەکی هاتوچۆش نییە، بەڵام وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، ئەمە تاوانێکی ئاشکرایە و دەتوانین بە پشت بەستن بە ڤیدیۆ شوفێرەکەی سزا بدەین.
زیاتر وتی “ئەو شوفێرەی بە مەبەست بیەوێت فسفۆڕەکانی شەقامەکان کە هێمای هاتوچۆن بۆ رێکخستنی شەقامەکان، ئەوا نەک هەر سزای هاتوچۆی بۆ دەنووسرێت بەڵکو فسفۆڕەکانیشی پێ دەکڕدرێتەوە”.
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە ڤیدیۆی ئەو شوفێرانەیان بۆ بنێرن کە بە مەبەست بەسەر فسفۆڕەکانی سەر شەقامەکان دەکەون و دەیانشکێنن.