پۆلیسی دهۆک کەوتنەخوارەوەی درۆنێک نە رەتدەکاتەوە و نە پشتڕاستی دەکاتەوە

+964

پۆلیسی دهۆک لەبارەی کەوتنە خوارەوەی درۆنێک لە سنوری پارێزگاکەی هیچ زانیارییەک نادات و دەڵێت ئاگادار نین.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پۆلیسی دهۆک کە خۆی داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە بە 964ی وت، ”ئێمە ئاگاداری کەوتنە خوارەوەی هیچ درۆنێک نین، ئەگەر شتێکی وا هەبێت ئەوا پێشمەرگە ئاگاداری دەبێت”.

ئەو سەرچاوەیە دەنگۆی کەوتنە خوارەوەی درۆنەکەی نە رەتکردەوە و نە پشت راستی کردەوە.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی دەست 964 کەوتبوون، دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند كه‌سێك به‌ مه‌به‌ستى ده‌ستخستنى گیاى به‌هاره‌ چوونه‌ته‌ ناوچه‌كانى سنوورى گوندى بوتیا، له‌وێ درۆنێكی كه‌وتوویان بینیوه‌ و راسته‌وخۆ لایه‌نى په‌یوه‌نداریان لێ ئاگاداركردووەته‌وه‌.

964 وێنەی درۆنە کەوتووەکەی گوندی بوتیای دەستکەوتووە کە لە ڤیدیۆیەکی سۆشیاڵ میدیا وەرگیراوە، دەرکەوتووە رەنگی رەساسیە و باڵەکانی تێکشکاون.

گوندى بوتیا كه‌و‌تووەته‌ باكورى رۆژهه‌ڵاتى به‌نداوى دهۆك.

رۆژی 7ی ئەم مانگە بەرزبوونەوەی دوکەڵ لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بینرا و 964 یەکەم میدیا بوو باسی ئەگەری روودانی هێرشێکی کرد بۆ سەر فڕۆکەخانە، چەند کاتژمێرێک دواتر دەزگا ئەمنییەکان بە فەرمی دانیان بەوەدا نا کە بە درۆنێک هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانە.

964  هیچ زانیاری نییە لەسەر ئەوەی ئەم دوو رووداوە پێکەوە گرێدراون یاخود نا.