سێ بانک لقیان لە فڕۆکەخانەی کەرکوک دەکەنەوە

964+

توانا نەقی

بە پێی نوسراوێکی فەرمی هەرسێ بانکی رەشید، بانکی رافیدەین و بانکی بازرگانی عێراق، ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بە کردنەوەی لق لە ناو فڕۆکەخانەی کەرکوک.

کردنەوەی لقی ئەو سێ بانکە لە کاتێکدایە ئێستا فڕۆکەخانەی کەرکوک گەشتەکانی بەردەوامە و بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لەو فڕۆکەخانەوە گەشت دەکەن لقەکان دەکرێنەوە.

ئومێد محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ی وت، ماوەیەکە لە هەوڵدان بۆ کردنەوەی لقی ئەو بانکانە لە فڕۆکەخانە ئێستا بە نوسراوی فەرمی بەڵێنیانداوە لە ماوەیەکی نزیکدا لقەکان بکرێنەوە.

وتیشی، کردنەوەی لقی ئەو بانکانە لە نێو فڕۆکەخانەی کەرکوک چەند سوودێکی بۆ هاوڵاتیان و ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانەکەوە گەشت دەکەن دەبێت.

سوودەکان بە شێوازێکە هەرکەسێک دەتوانێت لە نێو فڕۆکەخانە بە نرخی بانکی ناوەندی ئاڵوگۆڕی دینار بۆ دۆلار بکات، هەروەها دانانی “ئەی تی ئێم” بۆ ئەو کاسانەی کە بە کارت پارە رادەکێشن و چەندین ئاسانکاری تر بۆ گەشتیاران.

فڕۆکەخانەی کەرکوک لە مانگی 10ی 2022 لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی کرایەوە.